لەو دانیشتنەدا، غوڵامرەزا ئیخوان وێڕای شیکاریی ڕوانگە و یەکەمینەکانی پێشەڕووی جەماعەت، جەختی لەسەر پێویستیی گرینگیدان بە فیقهی خواستەکان لە بیری ئایینی کرد. بەڕێزیان ئاماژەی بە ڕۆڵی فەرهەنگسازی پێشینانی ساڵحی ئێرانی ئیسلامی کرد و وتی زیندووکردنەوەی بەرهەم و میراتی ئەوان وەک هۆکارێکی کاریگەرە بۆ داهێنانەوەی کولتوور و ئەدەبیاتی ناوخۆیی و ئیسلامیی.
بەڕێزیان بە بیرخستنەوەی ڕێکخراوەی «بنکەی پشتیوانی» لە ڕەوتی شەڕی ۱۲ ڕۆژەی ستەمکاریی جیهانی بە ڕێبەرایەتی ئامریکا و ڕژێمی زایۆنی، رێزی لە هەوڵ و چالاکییەکانی ئەندامانی ئەو بنکەیە گرت و جەختی لەسەر پێویستیی بەردەوامی و پەرەسەندن بە چالاکییەکانی کرد.
لە چالاکییە بەرچاوەکانی ئەو بنکەیە، دەکرێ ئەماژە بە بەخشینی خوێن، هاوکاری لەگەڵ بنکەی مانگی سوور، دابینکردنی شوێنی نیشتەجێی ناچاری، پێکهێنانی گرووپی یاریدەدەری و بەرگری و پێکهێنانی کۆڕی دەروونناسی و ڕاوێژ بۆ بنەماڵان بکەین. ئیخوان وێڕای جەخت لەسەر ڕۆڵی ڕاهێنان لەو بوارەوە وتی: «ڕاهێنانی گەنجان و لاوان لەڕێی خولەکانی مانگی سوور و هاوکاری لەگەڵ بنکەکانی یاریدەدەری، پێویستییەکی ستراتێژیی بۆ جەماعەتە.»
ئەو هەروەها «کردنەوەی دەرگای وتووێژ لەگەڵ توێژەکانی جۆراوجۆری کۆمەڵگا»ی وەک فاکتەرێکی یەکیەتی و تێگەیشتنی بەرامبەرانە لە یەکتر زانی و جەختی لەسەر داڕشتنی بەرنامەی کورتخایەن و درێژخایەن کرد. ئەو وتی: «ناوەندی سەرەکی جەماعەت، مزگەوتەکانن. پێویستە ڕێز لە خەڵکی بگرین و هەستێکی سپاسگوزاری بەرامبەر خەڵک و بەرپرسان لە جەماعەتدا جێگیر بکەین.»
ئیخوان داوای دەورگێڕیی کاریگەری لە ناوەندەکانی خێرخوازی و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان کرد و جەختی لەسەر پێویستیی گۆڕانی هەڵوێستە ناچالاکەکان بە هەڵوێستی چالاک و ستراتێژییانە کرد و وتی: «پێوەندییەکانی کولتووری و کۆمەڵایەتی دەتوانن ڕێگای وەرچەرخانەکان بگۆڕن. جێگریی خوێندکارانی زانکۆییش بە پەروەردەی لێژنەی خۆیان لە زانکۆکان، دەتوانێ داهاتووی جەماعەت بە هێزی مرۆیی بەتوانا و شارەزا و لێهاتوو دەستەبەر بکات.»
ئەو هەروەها جەختی لەسەر پێکهاتەی گڕوتینی گەنجی و ئەزموونی گەورەپیاوان بۆ پێشبردنی ئامانجەکانی جەماعەت کرد و وتی: «جەماعەتێک سەرکەوتوویە کە ئەندامانی خاوەنی خاکەڕایی، دڵفراوانی و سنگفراوانی بن. پێویستە کەسانێکی کە بەهۆی جۆراوجۆرەوە ماوەیەکە لە جەماعەت دوور کەوتوونەوە، شناسایی و بەپێی لێهاتوویی و تواناییان، لە ڕەوتی چالاکییەکان بەشدار بکرێن.»
ئەو لە درێژەدا متمانە بە گەنجان، گرینگیدان بە سەلیقەی وەچەی نوێ، کردەوەخوازی بەجێی بیردۆزی و بەڕێوبەرایەتی لێهاتووییەکانی جۆراوجۆری ناو جەماعەتی لە هۆکارەکانی چالاکی و کاریگەریی هەژمار کرد. ئیخوان بە جەخت لەسەر پێویستیی ڕێزگرتن لە بڕیارەکانی ئاستی سەرەوە، وتی: «سەرکەوتن، بەهەڵکەوت نایەتە دی، بەڵکوو ئاکامی بەرنامەڕێژی، یەکیەتی و جێبەجێکردنی وردە.»
لە کۆتایی ئەو دانیشتنە، سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی سەیرانی بنەماڵەیی تایبەتی ئەندامانی جەماعەت و تاوتوێی ڕاپۆڕت و بەرنامەی جێگرانی جۆراوجۆر، باس و ڕاگۆڕینەوە کرا.
بۆچوونهکان